Sign up to save your podcastsEmail addressPasswordRegisterOrContinue with GoogleAlready have an account? Log in here.
گەنجینەکانی دانایی راژەیەکە بۆ فێربوونی کتێبی پیرۆز. بە زیاتر لە ۱۰۰ زمان و زاراوە لە جیهاندا بەخش دەکرێت. کارەکەمان ئەسانە. ئەو کارەیە کە د. مەکگی لەئامێزی گرتووە . كه تەواوی کتێب ببردرێت بۆ تەواوی ج... more
FAQs about گەنجینەکانی دانایی:How many episodes does گەنجینەکانی دانایی have?The podcast currently has 1,301 episodes available.
February 02, 2023پهیدابوون ٣٥: ١٦ - ٣٦: ٤٣پهیدابوون ٣٥: ١٦ - ٣٦: ٤٣16ئینجا هەموویان لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار.17لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.»18ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەنئۆنی. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین.19ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە.20یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.21ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.22کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:23کوڕەکانی لێئە:ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.24کوڕەکانی ڕاحێل:یوسف و بنیامین25کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:دان و نەفتالی.26کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:گاد و ئاشێر.ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.27یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون.28ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا.29ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان.پهیدابوون ٣٦1ئەمانەش نەوەکانی عیسۆن کە ئەدۆمە.2ئەمانە ژنەکانی عیسۆن کە لە کەنعانییەکانی خواست: عادای کچی ئێلۆنی حیتی و ئۆهۆلیبامەی کە کچی عەنای و کچەزای چیبعۆنی حیڤی بوو،3هەروەها باسمەت کە کچی ئیسماعیل و خوشکی نەبایۆت بوو.4عادا ئەلیفازی بۆ عیسۆ بوو. باسمەتیش ڕەعوئێلی بوو.5ئۆهۆلیبامەش یەعوش و یەعلام و قۆرەحی بوو. ئەمانەن کوڕانی عیسۆ کە لە خاکی کەنعان لەدایک بوون.6ئینجا عیسۆ ژن و کوڕ و کچەکانی هەڵگرت لەگەڵ هەموو کەسانی ماڵەکەی و ئاژەڵی ماڵی و هەموو ئاژەڵەکانی دیکە و هەرچییەکی هەبوو، ئەوەی لە خاکی کەنعان دەستی کەوتبوو، چووە زەوییەکی دیکە، دوور لە یاقوبی برای.7سامانەکەیان ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانن پێکەوە نیشتەجێ بن؛ لەبەر زۆری مەڕوماڵاتیان، ئەو خاکەی تێیدا ئاوارە بوون نەیدەتوانی بیانگرێتە خۆی.8ئیتر عیسۆ کە ئەدۆمە، لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر نیشتەجێ بوو.9ئەمانە نەوەکانی عیسۆن لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر کە باوکی ئەدۆمییەکانە:10ئەمانەش ناوی کوڕەکانی عیسۆن:ئەلیفازی کوڕی عادای ژنی عیسۆ و ڕەعوئێلی کوڕی باسمەتی ژنی عیسۆ.11کوڕەکانی ئەلیفاز:تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز.12تیمنەع کەنیزەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ بوو، لە ئەلیفازەوە عەمالێقی بوو. ئەوانە کوڕەزای عادای ژنی عیسۆ بوون.13کوڕەکانی ڕەعوئێل:نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا. ئەمانە کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.14ئەمانەش کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆن کە کچی عەنای کوڕی چیبعۆنە و بۆ عیسۆی ببوون:یەعوش، یەعلام و قۆرەح.15ئەمانەش میرانی نەوەی عیسۆن:کوڕانی ئەلیفازی نۆبەرەی عیسۆ:میر تێمان، میر ئۆمار، میر چەفۆ، میر قەنەز،16میر قۆرەح، میر گەعتام و میر عەمالێق. ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.17کوڕەکانی ڕەعوئێلی کوڕی عیسۆ:میر نەحەت، میر زەرەح، میر شەمما و میر میزا. ئەوانە میرانی نەوەی ڕەعوئێل لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.18کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆ:میر یەعوش، میر یەعلام و میر قۆرەح. ئەوانە میرانی نەوەی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆی کچی عەنا بوون.19ئەوانە بوون کوڕانی عیسۆ کە خۆی ئەدۆمە، ئەوانەش میرەکانیان بوون.20ئەمانەش کوڕەکانی سێعیری حۆرین کە خەڵکی ناوچەکە بوون:لۆتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا،21دیشۆن، ئێچەر و دیشان. ئەمانەش میرانی حۆرییەکانن، کوڕانی سێعیر لە خاکی ئەدۆم.22کوڕەکانی لۆتان:حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی لۆتان بوو.23کوڕەکانی شۆڤاڵ:عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام.24کوڕەکانی چیبعۆن:ئەییا و عەنا. ئەمە ئەو عەنایەیە کە لە چۆڵەوانیدا کانیاوی گەرمی دۆزییەوە، کاتێک خەریکی لەوەڕاندنی گوێدرێژەکانی چیبعۆنی باوکی بوو.25نەوەکانی عەنا:دیشۆن لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنا.26کوڕەکانی دیشۆن:حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران.27کوڕەکانی ئێچەر:بلهان، زەعەڤان و عەقان.28کوڕەکانی دیشان:عوچ و ئەران.29ئەمانەش میرەکانی حۆرییەکانن:میر لۆتان، میر شۆڤاڵ، میر چیبعۆن، میر عەنا،30میر دیشۆن، میر ئێچەر و میر دیشان.ئەوانە بوون میرانی حۆرییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی سێعیر.31ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد، پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات.32بەلەعی کوڕی بەعۆر بوو بە پاشای ئەدۆم. ناوی شارەکەشی دینهابە بوو.33کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە.34کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە.35کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد کە لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا، وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو.36کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە.37کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە.38کە شائوول مرد، بەعلحانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە.39کە بەعلحانانی کوڕی عەکبۆر مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو.40ئەمانەش ناوی میرەکانی نەوەی عیسۆن، بەپێی خێڵ و ناوچە و ناوەکانیان:تیمنەع، عەلڤا، یەتێت،41ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن،42قەنەز، تێمان، میبسار،43مەگدئێل و عیرام.ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون، بەپێی نشینگەکانیان لە خاکی موڵکی خۆیان.ئەوە عیسۆی باوکی ئەدۆمییەکان بوو....more15minPlay
February 01, 2023پهیدابوون ٣٥: ١ - ١٥پهیدابوون ٣٥: ١ - ١٥1ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»2ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن.3با هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»4ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.5ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.6یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان.7لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێتئێل، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت.8دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.9کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.10خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.11ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.12ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»13ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.14یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد.15یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد....more15minPlay
January 31, 2023پهیدابوون ٣٤: ١ - ٣١پهیدابوون ٣٤: ١ - ٣١1دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت.2کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد.3دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.4شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.»5یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.6حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.7کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو.8بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی.9ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.10دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.»11ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.12مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»13کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.14پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.15تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین: دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.16ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.17بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»18قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو.19کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو، لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست.20ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان:21«ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.22بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین، ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون.23ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن، ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟»24هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.25لە ڕۆژی سێیەمدا، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو، کوشتیان.26بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.27ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.28هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد.29هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.30ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»31بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»...more13minPlay
January 30, 2023پهیدابوون ٣٣: ١ - ٢٠پهیدابوون ٣٣: ١ - ٢٠1یاقوب چاوی هەڵبڕی و بینی وا عیسۆ و چوار سەد پیاو دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد.2هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە.3خۆیشی پێشیان کەوت و هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.4بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان.5ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»6ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد،7دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.8عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەموو مەڕوماڵاتەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»9بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆتی هەڵبگرە.»10یاقوب گوتی: «نەخێر، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لێ وەربگرە. ئێستا کە لێم ڕازیت، بینینی ڕووی تۆ وەک بینینی ڕووی خودا وایە.11دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» لەبەر ئەوەی یاقوب پێداگریی کرد، عیسۆ دیارییەکانی قبوڵ کرد.12ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»13بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ئاژەڵەکان ماندوو بکەم، ئەوا هەموویان دەمرن.14بۆیە با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش بەپێی مەڕوماڵاتەکە و منداڵەکان لەسەرخۆ دەکەومە ڕێ، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»15عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»16ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر.17یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت. لەوێ خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا و سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.18دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا.19ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی.20هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل»....more14minPlay
January 29, 2023پهیدابوون ٣٢: ٢٢ - ٣٢پهیدابوون ٣٢: ٢٢ - ٣٢22یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە.23دوای ئەوەی کە ئەوانی لە جۆگەکە پەڕاندەوە، هەموو ئەوەشی کە هەیبوو ناردە ئەوبەرەوە.24ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵ کرد.25کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو.26ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.»بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»27پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟»یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»28ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل، چونکە لەگەڵ خودا و مرۆڤدا تێکۆشایت و سەرکەوتیت.»29یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.»بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.30ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل، چونکە گوتی: «ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»31کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی.32هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیە ناخۆن کە لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە و گرژ دەبێتەوە، چونکە سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب، نزیک لەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە ئازاری پێ گەیشت....more17minPlay
January 28, 2023پهیدابوون ٣١: ٤٢ - ٣٢: ٢١پهیدابوون ٣١: ٤٢ - ٣٢: ٢١42ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»43لابانیش وەڵامی یاقوبی دایەوە و گوتی: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمن، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟44ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین تاکو ببێتە شایەتییەک لەنێوانماندا.»45یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا.46ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کرد و لە تەنیشت کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد.47لابان ئەوێی ناو نا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید.48لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید.49هەروەها ناویش نرا میچپا، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین.50ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە کەسمان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»51هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشای ئەم کۆمەڵە بەرد و ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا.52ئەم کەڵەکە بەرد و ستوونە شایەتن کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کەڵەکە بەرد و ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت.53با خودای ئیبراهیم و ناحۆر و باوکیان دادوەری لەنێوانمان بکات.»ئیتر یاقوب بە ناوی ئەو خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێی دەترسا.54ئینجا یاقوب لەو ناوچە شاخاوییەدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشتی نانخواردن کرد. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.55لابان بەرەبەیان لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.پهیدابوون ٣٢1یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن.2کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم.3یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم.4فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم.5بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»6نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.»7بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر.8گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»9ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“10من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر.11لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان.12بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»13ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد:14دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران،15سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر.16هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»17فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“18دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“»19هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن.20هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.»21ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد....more16minPlay
January 27, 2023پهیدابوون ٣١: ١ - ٤١پهیدابوون ٣١: ١ - ٤١1یاقوب گوێی لە کوڕەکانی لابان بوو کە دەیانگوت: «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو یاقوب بردی و لە ڕێگەی ماڵ و سامانی باوکمانەوە ئەم هەموو سامانەی پێکەوە نا.»2هەروەها یاقوب بینی کە هەڵسوکەوتی لابان بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.3یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»4یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی کە بێن بۆ لای بۆ ئەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە.5پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە.6خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە،7کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات.8کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو.9خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.10«لە کاتی پەڕینی ئاژەڵەکاندا خەونێکم دیت کە تێیدا چاوم هەڵبڕی و بینیم کە ئەو تەگانەی کە لە بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن.11فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“12ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە.13من خودای بێتئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»14ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟15مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ نە تەنها ئێمەی فرۆشت، بەڵکو ئەو پارەیەشی خوارد کە پێمان درابوو.16هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»17ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد.18هەموو مەڕوماڵات و ئەو شتانەی لە پەدان ئارام دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی و بەرەو خاکی کەنعان بۆ لای ئیسحاقی باوکی کەوتە ڕێ.19کاتێک لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێل بتەکانی باوکی دزی.20هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات.21ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.22ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە.23ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە.24خودا لە شەودا هاتە خەونی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریا بە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»25کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا.26لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت.27بۆچی بەدزییەوە ڕاتکرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟28تەنانەت ڕێگات پێنەدام کە نەوە و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد.29لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“30ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی ماڵی باوکتی، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»31یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە.32بەڵام ئەوەی کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل بتەکانی دزیوە.33ئیتر لابان چووە ناو هەر یەک لە چادرەکانی یاقوب و لێئە و هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل.34ڕاحێل بتەکانی بردبوو و خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابان بە تەواوی ناو چادرەکەی پشکنی، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.35ڕاحێل بە باوکی گوت: «گەورەم، تووڕە مەبە کە ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.36یاقوب تووڕە بوو، بۆیە بەگژ لاباندا چوو و پێی گوت: «تاوانم چییە؟ چ گوناهێکم کردووە کە ئاوا گڕت گرت و بەدوامدا هاتیت؟37ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.38«ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد.39ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو.40بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو.41ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی....more18minPlay
January 25, 2023پهیدابوون ٢٩: ٣١ - ٣٠: ٣٩پهیدابوون ٢٩: ٣١ - ٣٠: ٣٩31کاتێک یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، توانای منداڵبوونی پێ بەخشی، بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو.32لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»33دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو و گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم، بۆیە ئەمەشی پێدام.» ناوی لێنا شیمۆن.34جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی.35دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا. ئیتر لە سککردن وەستا.پهیدابوون ٣٠1کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»2یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»3ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»4جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد.5بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.6ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان.7دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.8ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.9کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی.10زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.11لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد.12زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.13لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر.14لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»15بەڵام لێئە گوتی: «ئایا بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ ئایا گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەلای تۆ بێت.»16کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دەبێت ئەمشەو بێیتە لای من، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە سەرجێیی لەگەڵی کرد.17خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو.18ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار.19دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو.20ئینجا لێئە گوتی: «خودا خەڵاتێکی باشی کردم. ئێستا مێردەکەم ڕێزم لێ دەگرێت، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.21دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.22خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد؛ گوێی لێ گرت و منداڵدانی کردەوە.23ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.»24ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»25لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم.26ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت چەندە خزمەتم کردوویت.»27بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.»28ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»29یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چۆن خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە،30چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، بەڵام دوای هاتنم زۆر زیادی کرد و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»31ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم.32ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن.33سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»34لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.»35هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی.36ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، لە کاتێکدا یاقوب چاودێری مەڕەکانی دیکەی لابانی دەکرد.37یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چنار هێنا و لە شوێنی هێڵەکان توێکڵەکانیانی پاک کرد و سپیێتییەکەی ژێریانی دەرخست و خەتی سپی لەسەر کێشان.38ئینجا چڵە دارە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە دانا، بە جۆرێک کە کاتێک مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەهاتن، ڕێک لەبەردەمیدا بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بە بەران بێن،39مەڕەکان لەلای چڵەکان بەرانیان گرت و بەرخی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو....more16minPlay
January 24, 2023پهیدابوون ٢٨: ١٦ - ٢٩: ٣٠پهیدابوون ٢٨: ١٦ - ٢٩: ٣٠16کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!»17ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»18یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد.19ئەو شوێنەشی ناو نا بێتئێل، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.20یاقوب نەزرێکی کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم،21بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من.22ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»پهیدابوون ٢٩1ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت.2بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو.3کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.4یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»5پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»گوتیان: «دەیناسین.»6ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»7گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»8ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»9هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو.10کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا.11یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا.12ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.13هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو.14لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە،15لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟»16لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو.17چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو.18یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.»19لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.»20ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.21ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»22لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد.23بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد.24هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.25کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»26لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین.27هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.»28یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.29هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی.30یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش سەرجێیی کرد، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد....more17minPlay
January 23, 2023پهیدابوون ٢٧: ٤٢ - ٢٨: ١٥پهیدابوون ٢٧: ٤٢ - ٢٨: ١٥42ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت.43ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان.44بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە.45کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتان لەدەست بدەم؟»46ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»پهیدابوون ٢٨1ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە.2هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە.3با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل.4با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.»5ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.6عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،»7ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام.8کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن،9چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.10یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت.11ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا.12یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.13وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.14نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.15من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»...more17minPlay
FAQs about گەنجینەکانی دانایی:How many episodes does گەنجینەکانی دانایی have?The podcast currently has 1,301 episodes available.