بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت.
دیار تاهیر بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە وەزارەتی کارەبا لیژنەیەکی تایبەتی هەیە و ئەوەندەی من بزانم لە قۆناخی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکەم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەو بابەتە کۆتایی بێت و بدرێتە کەرتی تایبەت."
لەم سەردەمەدا دەستخستنی کارەبا لای هاووڵاتییان و حکومەتەکان گرنگییەکی زۆری هەیە. ئێستا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دەستخستنی کارەبا نەوت و گازی سرووشتین کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی زەوی هەیە. ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی گرنگی بە بەرهەمهێنانی وزەی پاک بدرێت. بەتایبەتی لە رێگەی وزەی خۆر و با و ئاوەوە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە 3700 بۆ 3800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت.
هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان 150 بۆ 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن و ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: "پرۆژەیەکی دیکە هەیە کە وێستگەی گەرمیانە و ئێستا لەژێر دامەزراندندایە کە تواناییەکەی 165 مێگاواتە. پێشبینی دەکەین لە دواییەکانی مانگی نیساندا بە نیوەی تواناکەیەوە بکەوێتە کار و دەستپێکی مانگی تەممووز هەمووی بە تەواوەتی بکەوێتە کار و بەو گازە کاردەکات کە دەسووتێت و دەچێتە ئاسمان و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. ئەم وێستگەیە ئەو گازە بەفیڕۆچووە وەردەگرێتەوە و دەیکاتە وزەی کارەبا، بەوەیش ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت."
دیار تاهیر بابان گوتیشی: "سەرۆکایەتیی ئەجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە کە سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دابمەزرێنرێن کە هەریەکەیان 25 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن و لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەبن. بۆ بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر پێنج دۆنم زەوی پێویستە، لەبەر ئەوەی کارەکانی کەمێک دوا کەوتوون بۆ ئەوەی شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاماژەی بەوە دا کە لەم کابینەیەدا وەزارەتی کارەبا گرنگییەکی زۆری بە وزە نوێیەکان داوە و لە هەمواری یاسای نوێی وەزارەتی کارەبادا کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە، بەم نزیکانە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی بریتییە لە هەمواری یاسای وزە نوێیەکان. لەسەر بنەمای هەمواری ئەم یاسایە لە وەزارەت لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دانانی رێنوێنیی پێویست لەسەر وزە نوێیەکان دانراوە، چونکە زۆر کۆمپانیا و شوێن دەیانەوێت کارەبا بە وزەی خۆر دابین بکەن.
دیار تاهیر بابان ئاشکرای کرد کە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کردوویانە، هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە زۆر گونجاون. بەپێی لێکۆڵینەوەکە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی با شوێنێکی زۆر گونجاو نییە، هەرچەندە چەند شوێنێک لە هەرسێ پارێزگاکە دیاری کراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا بودجەی دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزە نوێیەکان لە وێستگەکانی دیکە زۆرتری تێدەچێت، بەڵام دوای کەوتنەکاری تێچووەکەی لەوان کەمترە.