دوای تێپەڕینی چەن ساڵان دایکی کۆرنێلیێس ئیشێکی نوێی لە زەوی کشتوکاڵ دیتەوە و داهاتی کەمێک زیاتر دەبێ ،باوکیشی لە کۆمپانیایەکی دەریاوانی ئیشێک دەدۆزێتەوە و دەبێتە کارپێکەری یەکێک لە بەلەمە گەشتیاریەکانی نیۆیۆرک . بارودۆخی ئەو بنەماڵە کەمێک گۆڕانکاری بەسەرداهات بەڵام هێشتا باش نەبوو هەر بۆیەش کۆرنێلیێس لە تەمەنی یازدە ساڵیدا قوتابخانەی بەجێهێشت و دەچیتە ئەو کۆمپانیایە کە باوکی لەوێ ئیش دەکا و لەوێ دادەمەزرێ تا بتوانێ لە خەرجی ماڵێدا یارمەتیان بدات . کۆرنێلیێس لە ئەو کۆمپانیایە ئیشی دەکرد بەڵام بیر و هۆشی لە شوێنێکی دی بوو ئەو وای بیر دەکردەوە کە دەبێ بۆخۆی کارێک بکا دەنا بەو داهاتە بارودۆخ بەرەو باش بوون ناڕوا ، دایکی هەندێک پارەی کۆ کردبۆوە کۆرنێلیێس داوا لە دایکی دەکا کە سەد دۆلاری بە قەرز بداتێ و بەڵێن دەدا زوو بۆی بگەڕێنێتەوە ، دایکی سەرەتا قەبوڵ ناکا و دەڵێ ئەو بڕە پارەیە بۆ خەرجی ژیانمانە بەڵام کوڕەکەی ئەوەندە پێداگری دەکا کە دایکی ڕازی دەبێت بەڵام دەڵێ دەبێ حەتمەن بۆم بگەڕێنیەوە و سەد دۆلاری دەداتێ . لەو کاتەدا سەد دۆلار پارەیەکی کەم نەبووە چۆن بەو سەد دۆلارە دەیتوانی بەلەمێکی چووک بۆخۆی بکڕێت ئامانجی کۆرنێلیێسش هەر ئەوە بوو . لەکن خۆی وای بیر دەکردەوە بۆ بچم بۆ کۆمپانیای دەریاوانی ئیش بکەم لە کاتێکدا کە خۆم دەتوانم بەلەمم هەبێ و بۆخۆم ئیش بکەم . کۆرنێلیێس تا پۆلی پێنجەمی دەرس خوێندبوو و سەوادێکی وای نەبوو بەڵام سەرەڕای ئەوەش بازرگانی لەگەڵ خوێنی تێکەڵ بوو . هەر زوو تێگەیشت کە ئەگەر دەیهەوێ لە، ئاوانەدا کار بکات دەبێ نرخی گونجاو بڵێ تا کڕیار باری بداتێ ، هەر بۆیەش نرخەکەی لە هەمووان کەمتر بوو و بەو شێوە کڕیار لە دوای کڕیار بۆ لای دەهاتن . کۆرنێلیێس کاتێک یەکەمین بەلەمی کڕی تەنیا شانزدە ساڵی تەمەن بوو هەر خێرا سەد دۆلاری دایکی گەڕاندەوە و لەوە بەدواوە هەر داهاتێک هەیبوو کۆی دەکردەوە کە بچێت بەلەمێکی دی پێ بکڕێت و یەک لە دوای یەک ڕوویان لە زیاد بوون دەکرد . لەوانەیە بڕوا نەکەن کۆرنێلیێس هێشتا نەبۆتە هەژدە ساڵ بەڵام زیاتر لە دە بەلەمی چووک و گەورەی هەیە و زیاتر لە دە کەسیش ئیشی بۆ دەکەن . کاتێک تەمەنی دەگاتە هەژدە ساڵی ڕووداوێک ڕوودەدا، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئینگلیس لە ١٨١٢ دەست پێدەکات
Hosted on Acast. See acast.com/privacy for more information.