دوو دانە دوو
شيعرى نادر قازى
وەبیرمە لە مەکتەبا دەیان پرسی دوو دانە دوو دەکاتە چەند ؟
هەموو تێکرا دەیان نووسی دەكاتە چوار کەچی ئەمن لە حیسابا نمرەی کەمم دەهێناو دەهاتمە خوار
ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی ،،،،
لای من وابوو دوو دانە دوو دەبێت بە یەک نابێ بە چوار
لای من وابوو ددان و دوو لێو و زبان نابن بە چوار دەبن بە زار بەتێکڕایی دەکەن هاوار
لای من وابوو دوو دەستو دوو لاقی مرۆڤ نابن بە چوار لە لەشێکا وادێنە کار
لای من وابوو گەڕەک خانو کۆڵان شەقام نابن بە چوار دەبن بە شار ....
تێیدا دەژین دەوڵەمەند و خەڵکی هەژار لای من وابوو کۆلکە و ڕیشە لق و گەڵا نابن بە چوار دەبن بە دار ....
هێندێک کورت و هێندێک درێژ و وەکو چنار لای من وابوو ئەوین و دڵ جوانی و پاکی نابن بە چوار دەبن بە یار لە لای دڵدار
ئەو هەمووەی وا دوو بە دوو دەبن بە یەک نابن بە چوار یەک جار زۆرن بەڵام لەکوێ دێنە ژمار
تەنیا ئەوەندەیی دەزانم ئەگەر لەشم سەد پارچەکەن بم دەنە ژێر گوللەو ڕەکبار بچمە سەر دار
قسەی دڵم دێتە سەر زار کوردستان هەر وڵاتێکەو نابێ بە چوار .