هۆزێکی عەرەب داوا لە خەڵکی گوندی رزگاری کاکەییەکان دەکەن گوندەکە چۆڵ بکەن
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: بەداخەوە ئیاساکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێن
گوتەبێژی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو: پێویستە هۆزەکان لەنێو خۆیان ئەو کێشانە چارەسەر بکەن
سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان: هێشتا هەمان سیاسەتی بەعس لەو ناوچانە جێبەجێدەکرێت
تائێستا ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی کاکەییەکان لەناوچە کێشە لەسەرەکان چۆڵکراون، ئێستا بەشێکی عەرەبە هاوردەکان لە سنووری داقووق داوای چۆڵکردنی گوندی رزگاری کاکەییەکان دەکەن، هۆزێکی عەرەب بەناوی ئەلبومیساق، دەڵێن بەپێی بەڵگەنامەیەک لەساڵی 1993 ئەو زەویانەیان وەرگرتووە، دانیشتووانە کوردەکانی گوندەکەش ئەمە رەتدەکەنەوە، لە دیبەیتێکی رادیۆی رووداودا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندارەکان ئەم مژارە خرایەبەر باس.
جەمال شوکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە گوتی:" هەندێک بڕیار لەلایەن دادگاکانەوە دەردەچن، کە نادەستووری و نایاسایین، ئەو بڕیارانە لەسەر بنەمای ئەوەی پێش 2003 کێ لەو ناوچانە ژیاون دەدرێن، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دەستوور کە بەپێی ماددەی 140 ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاونەتەوە و دەیان بڕیار و راسپاردەی جیاواز لەو بارەوە دەرچوونە، بەپێی یاساکانیش عەرەبە هاوردەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام بەداخەوە یاساکان وەک خۆی جێبەجێناکرێن.
سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان گوتیشی: کوردەکانی ئەو ناوچانە هەموو بەڵگەیەکی مێژووییان هەیە، بەڵام بە درێژایی 40 ساڵی رابردوو ئەو گرێبەست و بەڵگانە دەستکاری کراون، بۆیەش کێشەکە زۆر ئاڵۆزەو هەموو ناوچەکانیش دەگرێتەوە.
جەمال شوکر گوتیشی:" حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، ئەو زەویانە کاتی خۆی بە دوو بڕیار لە کورد سەندراون، کە هەردووکیان بڕیاری حیزبین، ئەمەش هەمووی رەتکراونەتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە شتێکی سیاسییە، چونکە ماددەی 29 هەموو ئەو کێشانەی چارەسەرکردوون، بەڵام حکومەتی عێراق جێبەجێی ناکات، لیژنەی ماددەی 140 یش لیژنەیەکی چالاک نییە، ئێمە داواشمان کردووە ئەو لیژنەیە چالاک بکرێت.
جەمال شوکر ئەوەشیختەڕووهەفتەی رابردوو سەردانی فایەق زێدانمان کرد، ئەو داواشی کردووە دادگاکان کار لەسەر ئەو بڕیارانە نەکەن کە پەیوەستن بە ماددەی 140 بەڵام بەداخەوە دادگاکان ئەوە جێبەجێناکەن.
جەمال شوکر گوتیشی:" کیشەکە جووتیارەکان نین، بەڵکو کێشە حکومەتی عێراقە کە نایەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات، چونکە حکومەت دەتوانێت بە قەرەبووکردنەوە چارەسەری ئەو پرسە بکات، ئەو یاسایەی محەممەد ساڵح رەیاشی باسی دەکات، بڕیاری چاکسازی کشتوکاڵ کە لە حەفتاوە دەرچووە، بڕیارێکی دروستە، بەڵام ئەوەی لەدوای 2003 بە پاساوی جیاواز کراوە ئەمە کێشەکەی دروست کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق نایەوێت کێشەکە چارەسەر بکات، ئەگەر چارەسەری نەکات ئەوە کێسەی گەورە لەو ناوجانە روودەدات و چارەسەری قورس دەبێت".
هەر لەوبارەوە محەممەد ساڵح رەیاشی، گوتەبێژی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو گوتی:" ئەو پرسە زۆر درێژەی کێشا و کێشەکە چەقبەستووە لەنێوان هۆزە کوردەکان و هۆزە عەرەبەکان پێویستی بەچارەسەرە، لەڕووی یاساییەوە ئەو کێشانە چارەسەرکراون، بەپێی یاسای 42 و 135 ئەو جووتیارەی 100 دۆنمی هەیە 50 دۆنم وەردەگرێت و 50 دۆنم بەسەر ئەوانی دیکە دابەشدەکرێت، جووتیارە کوردەکان دەڵێن هی ئێمەیەو عەرەبەکانیش دەڵێن هی ئێمەیە، ئەوە پێویستی بە هاوکاری لایەنە سیاسییەکان و هۆزەکانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی کێشەکە جارەسەر بکرێت، کە لە 2003 تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئێمە داوا لە خەڵکە عەقڵمەندەکەی هەردوولا دەکەین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، جونکە لەوانە خوێنڕشتنی لێبکەوێتەوە".
گوتەبێژی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، ئەوەشیخستەڕوو کە ئەوان دەستپێشخەریان هەیە بۆ جارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەپێی یاساش کێشەکان چارەسەر کراون، ئەگەر بەیاساش نەبێت دەبێت چارەسەرێکی دیکە بدۆزینەوە، چونکە ئەگەر ئێمە بمانەوێت پێکەوە ژیان هەبێت دەبێت هەموو لایەک سازش بۆ یەکتر بکەن.
محەممەد ساڵح رەیاشی گوتی:" ئێمە بۆ دەمانەوێت هۆزەکان کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە بەیاسا کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ناهێڵن، ئێمە دانیشتوانی ناوچەکەین، نابێت باسی تەعریب و تەکرید بکەین، ئێمە دژی ئەو جۆرە وروژاندنانەین، راستە ستەم کراوە لەهەموو لایەک، بەڵام دەبێت ئەوە چارەسەر بکرێت، دەبێت کێشەکان بچووکبکەینەوە وچارەسەریان بکەین، ئەوە راست نییە خەڵک لە باشووری عێراقەوە هێندرابێت، ئەوە سەرژمێری ساڵی 1957 هەیە، بەداخەوە ئەوە کاریگەری لەسەر پێکەوە ژیان هەبووە و کێشەی نوێی لێدەکەوێتەوە".
هەروەها محەممەد ئەمین، سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان لە کاتی بەشداریکردنی لە دیبەیتەکەدا گوتی:" کێشەی ناوچە دابراوەکان هەمووی یەکە، ئەویش تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانەی ماددەی 140 ەو دەیانەوێت هەمان سیاستەی پێشووتری حکومەتی بەعس جێبەجێ بکەن، بەڕاستی حکومەتی عێراقی بەرنامەکەی نەگۆڕاوە".
سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەکە لەوە ئاڵۆزترە کە ئەوان باسی دەکەن، دەبێت لایەنە عەرەبییەکان پێشتر خەڵکی خۆیان ئاگاداربکەنەوە کە واز لەزەوی کورد بهێنن، ئینجا دەتوانن باسی قەرەبووش بکەن، چونکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدراوە گۆرانکاری دیمۆگرافی بکات، پێشنیازی ئەوەی بە عەشایەری چارەسەربکرێت، دەکرێت لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام دیسان پێویستی بە چارەسەرێکی یەکجارەکی هەیە".