بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی کفری لە باشووری کوردستان روویدا، کە کەلار و قەسر شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشی هەژاند، لە خانەقین لە باشووری کوردستان و جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوومەلەرزەکە هەستی پێکراوە.
ئەژی چەتۆ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کاژێر 1:15 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە باشووری کوردستان روویدا، کە لە بەشێک لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەست پێکراوە ، بوومەلەرزەکە 4.9 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، کە بە قولایی 10 کیلۆمەتر لە دووری 36 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی کفری روویداوەو ناوەندی بوومەلەرزەکە باشووری کوردستان بووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکارەکانی روودانی بوومەلەرزە لەو ناوچەیە گوتی:" ئەو شوێنە هێڵێکی بوومەلەرزەیە و چاوەڕێدەکرێت بوومەلەرزەی دیکە و پاشلەرزە لەو شوێنە رووبدەن، بەڵام گوڕەکەیان کەمتربێت".
ئەژی چەتۆ لەبارەی ترسی خەڵک لە روودانی بوومەلەرزەی دیکە لەو ناوچانە گوتی:" بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییە زۆر بەهێز نەبووەو تەنیا هەستی پێکراوە، هیچ زیانێکی ژینگەیی و گیانی نەبووە، پێشبینیشناکرێت بوومەلەرزەی دیکەی بەهێزتر لەو ناوچەیە رووبداتەوە و مەترسی هەبێت.
هەروەها بەپێی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی زانکۆی تاران، بەرەبەیانی هەینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی ریختەر لە شاری کفری لە باشووری کوردستان تۆمارکراوە. لە گەرمیان و قەسر شیرین لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەستیپێکراوە
بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیانی قەسر شیرین و شارەکانی دەورووبەری وەک سەرپێڵ و گیلانی رۆژئاوا لە پارێزگای کرماشان کە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 2017ـیان بینیوە، لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە سرووشتییە، ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان رۆژیانکردەوە.
موراد عەلی تارتار قایمقامی قەسر شیرین لەبارەی بوومەلەرزەکەوە رایگەیاند، ناوەندی بوومەلەرزەکە کفری بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە بوومەلەرزەکەیان پێنەگەیشتووە.