گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر: 953 هەزار ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەولیر تۆمارکراون
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر: مانگی رابردوو 12 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بوونەتە قوربانی
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لەکاتی بەشداری کردنی لەبەرنامەی (نورۆژ)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، بەداخەوە لە ماوەی رابردوو رووداوەکانی هاتووچۆ زیادیان کردووە و تەنیا لەمانگی رابردوودا لەهەولێر 12 کەس بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆ.
لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرگوتی:" هۆکاری زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ زۆرن، بەڵام یەکەم هۆکار تیژڕەوی شوفێرەکانە، هەرچەندە ئێمە نکۆڵی لەوەناکەین، کە بەشێک لە رێگەو بانەکانیش کێشەیان تێدایە، بەڵام نە رێگەوبانەکان هێندە خراپن، ئەو رووداوانە دروستببن، نە ئۆتۆمبێلەکانیشمان، ئەگەر هۆکارەکە خراپی رێگەوبان بێت، دەبووایە لە شەقامی 120 مەتری هەولێر هیچ رووداوێک رووینەدابووایە، چونکە ئەو رێگایە بەشیوەیەکی ستاندارد دروستکراوە و لەهەموو عێراق رێگەی وانییە، کەچی بەراورد بەشوێنەکانی دیکە زۆرترین رووداوی هاتووچۆ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر روودەدەن. کەواتە هۆکارەکە خراپ بەکارهێنانی رێگەوبانەکان و سەرپێچی کردنە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا لەمانگی رابردوودا 12 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لەهەولێر بوونەتە قوربانی، تەنیا لەیەک رووداودا 4 کەس گیانیان لەدەستدا، کەبەهۆی تیژەوی شوفێرەکە بووە، چونکە 140 کیلۆمەتر لەیەک کاژێر لێیخوڕیووە.
لەبارەی تەمەنی ئەو کەسانەی بەرووداوەکان گیان لەدەستدەدەن، یان زۆرترین رووداوی هاتووچۆ دەکەن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی: "ئەو کەسانەی کە تووشی رووداو دەبن، زیاتر ئەو کەسانەن کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە، چونکە زیاتر سەرگەرمن و پابەندی رێنماییەکان نابن".
فازڵ حاجی ئەوەشیخستەڕوو لەهەولێر ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆرن و ئەوەش قەرەباڵخییەکی زۆری دروستکردووە، هەموو ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکان زیاتر بە هەولێردا تێدەپەڕن و هەولێر ناوەندە بازرگانییەکەیە گوتی:" لەهەولێر زیاتر لە 953 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەهۆی ئەوەی لێرە هۆکاری گواستنەوەی گشتی نین، ئەو ژمارەیە بەردەوام بەکاردێن، ئەمەش هۆکاری قەرەباڵخییەکەیە".
هەروەها لەبارەی زیادبوونی رووداوەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی:" ساڵی رابردوو کەرەنتین هەبوو، بۆیە بەراورد ناکرێت، ئەمساڵ جولە زیاترە، ئەگەر ئەو بەراوردە بکەین هەڵەیە، لەهەموو جیهانیش هەروابووە"
فازڵ حاجی لەبارەی رێوشوینەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان گوتی:" بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان ئێمە دەمانەوێت ژمارەی کامێراکان زیاد بکەین، تاوەکو شوفێرەکان پابەند بن و هەست بکەن لەژێر کۆنترۆڵدان ، چونکە ژمارەی رووداوەکان لەو شوێنانەی کامێرای تێدایە کەمترە".