جەمال کۆچەر باسی ئەوەی دەکات کە هەوڵەکانی کازمی جارێ تەنیا ناردنی هێزە ئەوەش تەنیا بۆ حەوت دەروازە، بەڵام گۆڕانکاری کارگێڕی نەکردووە. جەخت لەوەشدەکاتەوە کە نزیکەی 9%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان لە عێراق بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و ئەوەی دیکە بۆ گرووپەکان دەچێت. دەشڵیت: "ئەگەر ئەوە یەکلابێتەوە کە هەڕەشەکانی کازمی راستن و جێبەجێی دەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە بکوژرێت یان لابدرێت".
لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش، جەمال کۆچەر باسی ئەوە دەکات کە هەردوو حکومەت دەیانەوێت رێککەوتنێکی کاتیی بکەن و رەنگە هەندێک پرس دوابخەن و گفتوگۆی لەسەر نەکەن. هەروەها دەڵێت: "بەغدا زۆر پەلەی نییە بۆ رێککەوتن چونکە رەوشی زۆر هاریکار نییە و دەزانێت هەرێمی کوردستان لەناوخۆدا پەرت و بڵاوە و چەندی تەنگتربێت تەنازولی زیاتر دەکات و داخوازییەکانیان کەمتربێت."