د. باخان تاڵەبانی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەرمانی بەسەرچوو بە نەخۆش دراوە. دوای ئەوەی بەڕێوەبەری تەندروستی گرنگی بەو بابەتە نەدا، چووین داواکاری گشتیمان ئاگادار کردەوە و کرا بە دۆسیە. لە بەردەم داواکاری گشتیدا ئاماژەیان بەوە دا کە بەپێی فەرمانێکی وەزارەی دەتوانن تا 11 ساڵ دەرمانی بەسەرچوو بەکاربهێنن. ئەمەیش زۆر نامەعقوولە، چونکە دەبێت هەر دەرمانێک مانگێک پێش بەسەرچوونی پووچەڵ بکرێتەوە و بۆ کۆگەی دەرمان بنێردرێتەوە. ئەم دەرمانانە لەناو کۆگای تایبەتی نەخۆشخانەی فریاکەوتندا بینراون و وێنەیان گیراوە. ساڵێک و نۆ مانگە کراوەتە دۆسیە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئەوان بە دەستتێوەردانی لایەنێکی دیاریکراو ئەو شتانەیان راگرتوون کە تایبەتن بە هەڵدانەوەی فایلەکان و ناهێڵن دۆسیەکە بجووڵێت."