لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستدەکرێن
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، چوار ژووری هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە پارێزگای دیالە و کەرکووک و نەینەوا و مەخمووردروست دەکرێن، ئێستا ژوورێکی هاوبەش لە خانەقین کراوەتەوەو ئەمڕۆش لە کەرکووک ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە بەشداری ئەفسەرانی پێشمەرگە دەستبەکاردەبێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چوار ناوەندی هاوبەش لە دیالە وکەرکووک و موسڵ و رۆژئاوای موسڵ دەکرێنەوە، ژووری ئپەراسیۆن لە دیالە لە خانەقین کراوەتەوە، ئەمڕۆش لە کەرکووک دەستبەکاردەبن و لە رۆژانی داهاتووشادا لە مەخموور و نەینەوا دەکرێنەوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت لەبارەی ئەرکی ئەو ژوورە هاوبەشانە گوتی:" یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەو ژوورە هاوبەشە گەڕانەوەی متمانەیە، دواتریش لە داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەن، هەروەها رێگریش لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە دەکەن، کە دەیانەوێت کێشەی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن".
هەروەها نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق گوتی:" دوای ئەو ژوورانەش دوو لیوای هاوبەش دروست دەکرێن، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سەرپەرشتیدەکرێن و تێکەڵ دەبن و جل وبەرگ و هەموو شتێکیان یەک دەبێت".
پێشتریش لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو،
دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراق تەنیا کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن نییە، بەڵکو پێویستە هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تەنیا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانە.